هۆشدارى ده‌درێته‌ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد

میدیاكانی ئێران بە بەردەوامی باس لە ئەگەری دووبارە خۆ كاندیدكردنەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد بۆ ئەو پۆستە دەكەن.

K24 – هه‌ولێر:

عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران سەبارەت بە كۆبوونەوە و سەردانەكانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران ھۆشداری دەدات و دەڵێت: ھەر چالاكیەك بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەر لە كاتی دیاریكراو دژی یاسایە و بە توندی رووبەڕووی دەبینەوە.

فەزڵی بە ھەواڵدەری ئیلنای وتووە، ئەو كۆبوونەوانە دەبێت مۆڵەتیان ھەبێت، ئەگەرنا قائیمقامی شارەكان بۆیان ھەیە رێگری لە بەڕێوەچوونیان بكەن.

مانگى گوڵانی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە ئێران بەڕێوە دەچێت و میدیاكانی ئێران بە بەردەوامی باس لە ئەگەری دووبارە خۆ كاندیدكردنەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد بۆ ئەو پۆستە دەكەن.