حکومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی ئێران تۆمار دەکات

ماڵی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی هەولێر کە لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسداران کرایە ئامانج (وێنە: پۆڵا فەرهاد – کوردستان24)
ماڵی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی هەولێر کە لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسداران کرایە ئامانج (وێنە: پۆڵا فەرهاد – کوردستان24)

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، سکاڵایەکی تایبەت بە هێرشە دوژمنکاریی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. راشیگەیاندووە، هێرشەکان بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، جیا لەوەی زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، لە رێگەی نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نیویۆرک دوو نامەی هاوکات ئاراستەی هەر یەک لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، تیایدا جەختکراوەتەوە، ئەو کردە دوژمنکارییەی ئێران پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراقە.

شەوی دووشەممە 15/1/2024 سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیل دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە.