ناسڕ هەرکی: لاوازی حکومەتی عێراق وایکردووە ئێران بەردەوام کوردستان بکاتە ئامانج

د. ناسڕ هەرکی، شارەزای سەربازی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
د. ناسڕ هەرکی، شارەزای سەربازی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لاوازی حکومەتی عێراق وایکردووە ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج. ئاماژە بەوەش دەدات، عێراق وەکو وڵاتێک بەرامبەر ئێران خۆی نابینێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-01-2024، د. ناسڕ هەرکی، شارەزای سەربازی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران بە هێرشکردنە سەر هەولێر؛ رێزی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان نەگرت و سەروەریی و سەربەخۆیی خاکی عێراقی پێشێلکرد.

بە گوتەی د. ناسڕ هەرکی، "ئامانجی سوپای پاسداران لەو هێرشە مووشەکییە بالیستییەی کردییە سەر هەولێر، تێکدانی ئەو ئارام و سەقامگیری و پێکەوەژیانە بووە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لەوانەیە بۆ ئەوان جێگەی قبووڵکردن نەبێت".

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە پێویستیشی دەزانێت، حکومەتی عێراق هەڵوێستی جیددی لە بەرامبەر ئەو هێرشە مووشەکییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان وەربگرێت و تەنها سەرکۆنەی هێرشەکان نەکات.

وەکو ئەوەی ئەو شارەزا سەربازییە باسی کرد، "لاوازی حکومەتی عێراق وایکردووە ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج. عێراق وەکو وڵاتێک بەرامبەر ئێران خۆی نابینێت، وەکو پارێزگایەکی ئێران سەیری خۆی دەکات".

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".