کۆشکی سپی جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

دیداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا
دیداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە داڤۆس کۆبوونەوەتەوە و لە دیدارەکەدا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەتوندی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیل سەرکۆنە کردووە.

کۆشکی سپی باسی لەوەشکردووە، هەردوولا جەختیان لەگرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەولێر کردەوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا دەربڕیوە و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەولێر دووپاتکردووەتەوە.

شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل، بە چەند مووشەکێکی بالیستی هێرشی کردە سەر هەولێر و ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

بۆ بەدواداچوونی راستییەکان، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لەدوای هێرشەکان و بە سەرکردنەوە برینداران و خانووە مووشەکبارانەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە، نەک بنکەی مۆسادی ئیسرائیل.