بەرگری شارستانی هەولێر: گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی میشێڵ میندۆزا بەردەوامە

وێنەی میشێڵ میندۆزا
وێنەی میشێڵ میندۆزا

K24 – هەولێر:

بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر بەدوای تەرمی ژنێکی بیانی دەگەڕێن کە ماوەی دوو رۆژە بێسەروشوێنە.

رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، پرۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی میشێڵ میندۆزا بەردەوامە کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.

بەرگری شارستانی راگەیاندووە تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە جگە لە کارتی نشینگەکەی کە لەژێر پاشماوەی رووخاوی ماڵەکەدا دۆزراوەتەوە.

پێشتر کوردستان24 ناسنامەی ئەو ژنەی ئاشکراکرد کە بەگوێرەی زانیاری کەسوکارەکەی، ئەو ژنەی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە ناوی میشێڵە و تەمەنی 42 ساڵە و خەڵکی فلیپینە کە وەک دایەنی کچە بچووکەکەیان لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کاریکردووە.

دوای هێرشە مووشەکییەکەی درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی هەندێکیان سەختە کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

لەلایەن خۆیەوە، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانیان تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنە فلیپینییە کە بەهۆی وێرانبوونی باڵەخانەی ماڵەکە و کەوتنەژێر پاشماوەی کۆنکریتی، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە بدۆزرێتەوە.