حزبی ئوممەی عێراقی بۆ قوربانییانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات

شوێنی رووداوەکەی هەولێر - وێنە: کوردستان24
شوێنی رووداوەکەی هەولێر - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

حزبی ئوممەی عێراقی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆک بارزانی کردووە، وێڕای ئیدانەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانییانی ئەو رووداوە دەردەبڕن.

مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتی حزبی ئوممەی عێراقی رایگەیاندووە، ژمارەیەکی دیکە لە رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە کاروانی شەهیدان و ناوی خۆیان لەسەر خاکی هەولێر تۆمارکرد کە لەپێناو کوردستانێکی بەهێز و گەشاوە خۆیان کردە قوربانی.

لەو پەیامەدا، حزبی ئوممەی عێراقی بە توندی هێرشە مووشەکییەی سەر شاری هەولێر دەکات کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر ماڵی هاووڵاتییانی بێ تاوانی هەولێر و داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکات بەرپرسیاریەتی دەستووری خۆی هەڵبگرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و تەنیا راگەیەندراوی نەبێت بۆ ئیدانەکردن و لیژنە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە پێبهێنێت کە هیچی لێبەرهەم نایەت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، حزبی ئوممەی عێراقی پشتیوانی خۆشی بۆ گەلی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ "ئاکارە دڕندانەکانی"ـی ئێران دابنێت کە هەڕشەیەکی بەردەوامە لە ناوچەکە.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.

دەقی پەیامەکەی حزبی ئوممەی عێراق
دەقی پەیامەکەی حزبی ئوممەی عێراقی