سێرتاچ بۆچاک: ئێران دەیەوێت ئارامی کوردستان بە ئامانج بگرێت

K24-هەولێر:

سەرۆکی پارتێکی باکووری کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئێران دەیەوێت پێشکەوتن و ئارامی هەرێمی کوردستان بە ئامانج بگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە(17ی کانوونی دووەمی 2024)،سێرتاچ بۆچاک، سەرۆکی گشتی پەدەکە باکوور لە کوردستان24 خەمباری خۆی نیشاندا و بەتوندی هێرشەکەی سەر هەولێری شەرمەزار کرد، گوتی: ئێران دەیەوێت پێشووەچوونی کوردستان و ئارامییەکەی بە ئامانج بگرێت، پێی وابوو، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دووبارە دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەیان وڵاتانی جیهان پرۆتستۆی ئەو هێرشە ناڕەوایە دەکەن، بەڵام پێویستە جگەلە شەرمەزارکردن، وڵاتانی جیهان بەرگریی لە هەرێمی کوردستان بکەن.

لەبارەی هەڵوێستی کوردستانیان لەهەر پارچەیەکدا، سێرتاچ بۆچاک گوتی: جاری یەکەمە کوردانی باکووری کوردستان ئەو هێرشە بۆ سەر هەولێر شەرمەزاردەکەن، ئێستا کورد یەک دەنگە، دەخوازین ئەو یەک دەنگیەی کورد لەبەرامبەر دوژمن لەهەر چوار بەشی کوردستان هەر یەک بێت و پەرەی بێ بدرێت.

هێرشە بێپاساوەکانی ئێران و بیانووە بێ بنەماکانی، نەیتوانیوە رای جیهان بەرامبەر بە هێرشە ناڕەواکانی بگۆڕێت، سێرتاچ بۆچاک پێی وایە، هەرێمی کوردستان لەوەتەی دروستبووە، نەبۆتە هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێی، هەرگیز نەبۆتە هەڕەشە لەسەر پێکەوەژیان، نەبۆتە هەڕەشە بۆ دیموکراسی و ئازادی، هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمی پێشووەچوون و دیموکراسی بۆ دوارۆژی کورد و کوردستان، وای کردووە ئێران ئەو هێرشانە ئەنجام بدات، لەبەر ئەوەی ئێران دوژمنی کورد و کوردستانە.

دەربارەی پرۆتستۆکردنی هێرشە بێ بنەما و بێ پاساوەکانی ئێران، سەرۆکی گشتی پەدەکە باکوور گوتی:  ئەو پرۆتستۆکردنەی ئێستا لە جیهان هەیە دژی ئێران کارێکی گرنگە، بەڵام ئێران هێرشەکانی خۆی هەمیشە بەردەوام دەکات، هەر ئەوکاتەی هێرشی سەر هەولێری کرد، هێرشی سەر رۆژئاوای کوردستانیشی کرد، بۆیە گرنگە ئەو هێرشانە بە هەل بزاندرێت بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە کردنەوەی بکرێت، لەبەر ئەوەی ئێران نایەوێت پێشکەوتن لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەر لەبەر ئەوەیە بەردەوام ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، دەڵێت:هەر لەو مانگەدا، نزیکەی 17 کورد لە ئێراندا لە سێدارە دراون، بۆیە دوژمنایەتی ئێران کارێکی چەسپاو و نەبڕاوەیە دژی کورد.

سێرتاچ بۆچاک پێی وایە، ئێران ناوێرێت هێرشی سەر ئیسرائیل بکات، دەزانێت ئێستا هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەرگری لەو هێرشە مووشەکیانە بکات، بۆیە هێرشەکانی بەردەوامە لەسەر کوردستان، گوتی: پێویستە وڵاتانی هاوپەیمان و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ پاراستنی پرەنسیپی ئازادی و دیموکراسی، پشتگیری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێران و وڵاتانی دیکەی وەک ئێران هێرش نەکەنەوە سەر هەرێمی کوردستان.

بۆ یەکدەنگ و یەکدەستی کوردیش بەرامبەر ئەو دەستدرێژی و پێشێلکاریانەی وڵاتان بەرامبەری دەیکەن، سێرتاچ ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کورد لە هەرجێیەکی جیهان بەیەکەوە دژی ئەو کردەوە و دەستدرێژیەی ئێران و داگیرکاران بێنە سەر شەقام و هەڵوێستێکی سیاسی دروستبکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێران نەتوانێت هێرشی لەو شێوەیە دووبارە بکاتەوە.