حوسییەکان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی ئەمەریکی


K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، چەکدارە حوسییەکان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کەنداوی عەدەن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی ئەمەریکا.

لە راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم هاتووە، "چەکدارە حوسییەکان لە کەنداوی عەدەن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتی M/V Genco Picardy ، بەڵام هیچ یەکێک لە تیمەکانی سەر کەشتییەکە بریندار نەبوون، تەنیا زیان بەر بەشێکی کەشتییەکە کەوتووە.

راشیگەیاندووە: "ئەمە دووەم جارە لەم هەفتەیەدا ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران کەشتی ئەمەریکا بپێکن".

لای خۆشیەوە یەحیا سەریع، گوتەبێژی چەکدارە حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، حوسییەکان زنجیرەیەک مووشەکیان ئاڕاستەی کەشتییەکی ئەمەریکی کردووە.

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری 2023ـەوە، وەک کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی فەڵەستین، دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر جووڵەی نێودەوڵەتیی دەریایی لە دەریای سوور، بەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنیان لە جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی دروستکردووە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا هۆشداریدا بە کەشتییە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی و داوای لێکردن لە بەشی باشووری دەریای سوور دووربکەونەوە، هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی، هێشتا مەترسی ماوە لەبەردەم ئەو کەشتیانەی لە باشووری دەریای سوور گوزەر دەکەن و ئەگەری "هێرشی تۆڵەسەندنەوە" لەلایەن یاخیبووە حوسییەکانی یەمەن بەردەوامە، هەرچەندە بڕیارەکە لە کۆتاییدا پەیوەستە بە کۆمپانیاکان و کەشتییەکانەوە، بەڵام کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەو ناوچەیە بەدوور بگرن.