شرۆڤەكارێكی رووسی: ئەو تۆمەتانەی ئێران لە دژی کوردستان بەکاردەهێنێت بێ بنەمان

K24 - هەولێر

شرۆڤەكارێكی بەناوبانگی سیاسیی رووسی رایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نەسەلمێندراوە ئەو تۆمەتانەی ئێران لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاریان دەهێنیت بنەمایەکیان هەبێت.

ڤەدیم مەکەرێنکە، شرۆڤەکاری بەناوبانگی سیاسیی رووسی، لەبارەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە چالاکی لە دژی ئێران بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ کەس ئەوەی نەسەلماندووە کە ئەو تۆمەتانەی ئێران بنەمایەکیان هەیە".

مەکەرێنکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەداخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی ئەم هێرشانەوە وەڵام بۆ ئەو هێزانە دەنێرێت کە لە بەرژەوەندییەکانی ئەو دەدەن. بە چەشنێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات کە بەشێک نەبێت لە عێراق".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە رووسیە ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت عێراق ئەم بابەتە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوروژێنێت و سەرکۆنەی بکات؛ بێگومان وڵاتانی دیکەش پشتیوانی دەکەن و دەکرێت کۆتایی بەم پەلامارە بێ بنەمایانە بهێنرێت".

بە گوتەی مەکەرێنکە، ئەگەر ئێران هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی لەوێوە چالاکی لە دژی ئەنجام دەدرێن، "دەبێت بە شێوەی دیپلۆماسی و یاسایی بیکات، نەوەک بە مووشەک ماڵی هاوڵاتیانی سیڤیل بکاتە ئامانج".

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.