پشووی هاوینەی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەکات و پتر لە 80 پرۆژەیاساش لە چاوەڕوانی پەسەندکردندان

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - وێنە: واع
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - وێنە: واع

K24 – هەولێر:

وەرزیی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات و بۆ ماوەی مانگێک پشووی هاوینە بۆ پەرلەمانتارانی عێراق دەست پێ دەکات، لە کاتێکدا دەیان پرۆژەیاسای گرنگ لە چاوەڕوانی دەنگدان و پەسەندکردندان، لە سەرووی هەمووشیانەوە، پرسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، خشتەکانی بودجەی 2024 و درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆن بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، لە (10ـی ئایاری 2024ـەوە تاوەکوو 9ـی حوزەیرانی 2024) پشووی هاوینەیە و دوای مانگێک وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەکاتەوە.

هەرچەندە، ڕائد مالیکی، پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لەکاتی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ڕێککەوتنی لایەنەکان، یان ناردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، ئەوا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت،  بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی نائاسایی بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات.

هاوکات نەهلە قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی (9ـی ئایاری 2024) کە دوا کۆبوونەوەی وەرزیی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بوو، ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەو وەرزەی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق.

لەبارەی ئامانجی ئەو هەوڵەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، نەهلە قادر ئاماژەی بەوە کردووە: دەیانەوێت پرسەکانی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، لەو ماوەیەدا یەکلایی بکرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە 80 پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی پەسەندکردن ماونەتەوە کە بەشێکیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەوانە؛ یاسای نەوت و گاز، بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ جیاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە بۆ خەرجی حاکیمە، درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرۆژەیاسایەکی دیکە.

بەپێی لێدوانی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەشێک لە هۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسانە، پەیوەندی هەیە بە دواکەوتنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان و ڕێکنەکەوتن لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە.

لەلایەن خۆیەوە، حزبی تەقەدوم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، داوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیداکردن بکرێتەوە و ئەو حزبە بتوانێت کاندیدایەک بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری بکات، کە ئەو پۆستە بە بەرکەوتی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت وەک گەورەترین فراکسیۆنی سوننە لە پەرلەمانی عێراق.

لە بەرامبەر ئەو داوایەی تەقەدوم، زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق ڕەت دەکەنەوە و هاوپەیمانی سێ قۆڵی سوننەکانیش (حەسم، عەزم و سیادە) پشتیوانیی لە هەڵبژاردنی سالم عیساوی دەکەن و داوا دەکەن، لە زووترین دەرفەتدا، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ پڕکردنەوەی باڵاترین پۆستی پێکهاتەی سوننەکان لە سیستمی سیاسیی عێراقدا.

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.

ڕۆژی (13ـی کانوونی دووەمی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، شەعلان عەبدولجەبار (152 دەنگ)، سالم عیساوی (97 دەنگ)، مەحموود مەشهەدانی (48 دەنگ)، عامر عەبدولجەبار (6 دەنگ) و تەڵاڵ زەوبەعی (یەک دەنگ)، هەروەها 10 دەنگی بەتاڵیش هەبوو، بەم جۆرە هیچ یەک لە کاندیدادەکان دەنگی پێویستی نەهێنا.

دوای کشانەوەی شەعلان عەبدولجەبار لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئێستا سالم عیساوی بە تەنیا ماوەتەوە بۆ جێگرتنەوەی حەلبووسی، هەرچەندە هەندێک لە لایەنەکان داوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن جارێکیتر دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە.

ڕۆژی (17ـی نیسانی 2024) شەعلان کرەیم لە ڕاگەیەندراوێکدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێتی لە فراکسیۆنی تەقەدوم ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو کۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، وەک ئەندامێکی سەربەخۆ کار دەکات.