سەفین دزەیی: تۆمەتەکانی ئێران بێ بنەمان

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە بۆ وڵاتانی دراوسێ. گوتیشی: تۆمەتەکانی ئێران رەت دەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی راستی تێدا نییە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە رەت دەکەینەوە کە دەڵێن ئەو شوێنەی کە بە ئامانج گیراوە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران کاری کردووە، بۆ هەموو لایەک دەرکەوت کە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی راستی نییە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەرکردەکانی جیهان لە داڤۆس لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەموویان ئیدانەی ئەو کارە ناپەسەندەی ئێرانیان کرد، لە ئێستادا بیر لەوە دەکەنەوە چۆن رێگری لەو جۆرە هێرشانە بکەن بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

سەفین دزەیی، گوتیشی: هەرێمی کوردستان هەرگیز نەبووەتە فاکتەرێکی ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو هەمیشە هەوڵیداوە فاکتەری سەقامگیری بێت و بەردەوامیش دەبین لەو سیاسەتە، پێشمانخۆشە وڵاتانی دراوسێ رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی کوردستان بگرن، مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هاووڵاتییانمان بکەن، نەک منداڵی یەک ساڵی بکەنە قوربانی.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هاوسەر و منداڵەکانی شەهید پێشڕەو لە ئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".