هەوڵە نەزۆکەکانی ئێران بۆ لێدان لە ئابووری کوردستان

Kurd24

جەنگ، هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتاندا و دەبێتە هۆی دروستبوونی زەبر و زەنگی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژی. هەروەها ئامانجی دیکەشی هەن، لەوانە لەناوبردنی ناسنامە و کولتووری گەلێک و ژێردەستەکردنی بۆ لەناوبردنی بیروباوەڕ و زمان و بەها نەتەوەیەکانی دیکە.

مەترسیدارترین جەنگ و پەلامارەکانیش ئەمانەن کە ئامانجی سەرەکی تێیدا لێدانە لە شوناس و ناسنامە و سڕینەوەی یەکجارەکی و قەبوڵنەکردن. بۆ ئەم مەبەستە لایەنی ‌هێرشبەر ڕێوشوێن و ڕێگای جیاواز دەگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. یەکێک لە چەوساوەترین ڕێگاکانیش لێدانە لە بەرژەوەندیە باڵاکان و لێدانی ڕاستەوخۆ لە ئامانجە ئابوریەکان بەڕێگا و شێوازی جیاواز بۆ دەستەمۆکردن و چێژ وەرگرتن لە بینینی کڕنۆشی بەرامبەر.

هەرێمی کوردستان، وەکو یاریزانێکی خێرا و کاریگەر لەپاڵ مانەوە و خۆڕاگریەکانی لەنێو ئاڵۆزیەکانی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە سنوریەکانی، هەرووها ئەم بەربەست و ئاستەنگانەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بە عێڕاقیشەوە بۆی ساز دەکرێ توانیویەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و هەمەچەشنکردنی ئابوری. لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ درێخیان نەکردووە لە دروستکردنی بەربەست و ئاستەنگ لەڕێگەی سزادانی ئابوری و هێرشی سەربازی و مووشەکبارانی بەردەوام و بەئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجامن و ئابوری کوردستانیش لە گەشەسەندن بەردەوامە.

دیارترین ئەم هێرش و پەلامارە موشەکیانەی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەم هێرشانەن کە ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدەن. ئێران لەڕێگەی بۆردومانی هەڕەمەکی هاوڵاتیانی سیڤیل و کردنە ئامانجی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە پێشکەوتنە ئابوریەکان و لادانی سەرنجی هەولێر لەسەر بەغدا و ڕاکێشانی بۆ تاران، هەروەها پێدانی پەیامی نائارامی بە سەرمایەدارانی ناوەخۆ و بیانی لەبارەی هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی نائارام دەیەوێ مەرامەکانی لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت و هەرێمی کوردستان بکات بە نموونەی سوریا و یەمەن و ناوچەکانی دیکەی عێڕاق. بێگومان ئێران سەرکەوتوو نەبووە لە هەوڵە نەزۆکەکانی و هەوڵەکانی وەک خەیاڵی دروستکردنی باڵەخانە وایە لە خۆڵەمێشدا.

ئامانجەکانی ئێران لەم هێرشە تاوانکاریانە تەواو ڕوونە و دەیەوێ لەڕێگەی ئەم پەلامارە موشەکیانەوە کار بکات بۆ لاوازکردنی توانا ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی و زەقکردنەوەی کاریگەریەکانی بڕینی بودجە و مووچەی هاوڵاتیان لەلایەن عێڕاق و نمایشکردنی باڵادەستی تارانە بەسەر بەغدا. بێ ئاگا لەوەی کە ئەم هێرشانە هۆکارن بۆ وەرینی متمانەی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە تاران. لەگەڵ ئەوەشدا لەگۆڕنانی هەوڵەکانی ئێرانە بۆ پیشاندانی کوردستان وەکو بارمتەیەکی جیۆپۆلیتیکی. سەرەرای هەموو هەوڵە نەزۆکانەی ئێران، هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەمەچەشنکردنی ئابوری و کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرە بیانیەکان و پێشکەوتنە داراییەکان لە کەرتی بانکی و بەخۆماڵیکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوكاڵیەکان و گرنگیدان بە دیجیتاڵکردنی سێکتەرە جیاوازەکان. ئەمەش ئێرانی نیگەران کردووە و ئێران نایەوێ هەوڵیر بە بەهێزی ببینێ.

بەڵام لێرە بەدواوە پێویستە ڕەچاوی کۆمەڵێک خاڵ بکرێ کە لەئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی ئێران و بریکارەکانی ئەوا نەک تەنها هەرێمی کوردستان بەڵکو عێڕاقیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری نەرێنی ئەم هێرشانە و ئابوری عێڕاق بەگشتی ڕووبەرووی کێشە و ئاریشەی جیاواز دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بێ وەڵامی عێڕاق ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ وڵاتانی دیکەی هاوسنور بۆ ئەنجامدانی هێرش و پەلاماری هاوشێوە بۆ ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. دەتوانین گرنگترین کاریگەریە ئابوریەکانی ئەم هێرشانە بۆ سەر کوردستان لە چەند خاڵێکدا کۆبکەینەوە:

1- کاریگەریەکانی لەسەر بەهای دراوی نیشتمانی

ئەم هێرش و پەلامارە موشەکیانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق ئەنجامی دەدات ڕاستەوخۆ کاریگەری دەخەنە سەر بەهای دراوی نیشتیمانی لە عێڕاق و لاوازکردنی بەهای دینار و لەدەستدانی بەهاکەی. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی هەوڵەکانی بەغدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەموو هەوڵ و توانای بانکی ناوەندی بۆ ئەوەبوو بتوانێ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی جێگیر بکات. بەڵام هەرکاتێک بەهای دینار جۆرێک لە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ ئێران یان بریکارەکانی لە عێڕاق هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک هێرش و پەلامار و نانەوەی پشێووی و تێکدانی ئارامی ناوچەکە. ئەمەش هۆکاری سەرەکییە تا بانکی ناوەندی نەتوانێ لە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار سەرکەوتووبێت.

2- کاریگەریەکانی لەسەر ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی

خاڵێکی دیکە لە کاریگەریە نەرێنیەکانی ئەم هێرشانە بریتیە لە کەمبوونەوەی سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانیەکان و خواستی وەبەرهێنانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەولێر وەکو ناوچەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەرە بیانیەکان و زۆری دەرفەتی وەبەرهێنان و پرۆژە بازرگانیەکان و دەرفەتی گەشەی بازرگانی و ئابوری. تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی گشتی، بەتایبەت پاراستنی ئارامی شاری هەولێر وەکو ئامانجی سەرەکی هێرشەکان  سەرکەوتووبێت و دەرفەتی ئەوەی نەداوە کاریگەریی هێرش و پەلامارە دڕۆنیەکان دیار و زەق بن بەسەر ئابوری گشتی و بۆچوونی وەبەرهێنەرە بیانیەکان.

3- کاریگەریەکان لەسەر پێشکەووتن و گەشەی ئابووری

ئێران لەڕێگەی کردنە ئامانجی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانەوە پەیامی ئەوە دەدات کە نارەحەت و نیگەرانە لە پێشکەوتنە ئابووریەکان و گەشەی ئابوری هەرێمی کوردستان. بۆیە نەک تەنها بە موشەک و دڕۆن، بگرە لەڕێگەی بەگەڕخستنی توانا سیاسیەکانی لە بەغدا، ئێران توانیویەتی کاریگەری بخاتە سەر بڕیارەکانی حکومەتی عێڕاق بۆ خستنەسەری گەمارۆ ئابوری و زیادکردنی سزا داراییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بڕینی قوت و مووچەی هاوڵاتیانی هەرێم.

4- کاریگەریەکان لە گۆرانکاری بازاڕ و خواستی بەکاربەران

هەموو ئەم هێرشانە هۆکارن بۆ دروستبوونی نائارامی و ناسەقامگیری لە بازاڕ و کەمبوونەوەی خواست لەسەر کەرتە جیاوازەکانی وەکو پیشەسازی و خانووبەرە و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان. لە بەرامبەردا زیادبوونی کاریگەریەکانە لەسەر خواستی بەکاربەر و گۆڕینی ئاراستەی خواست بەرەو بەرهەمە سەلامەتەکانی وەک زێڕ یاخود بەلایەنی کەمەوە کەمکردنەوەی دەستاودەستکردنی دراوەکانە لە بازاڕدا. ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی جوڵەکانی بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانی. لە ئەنجامیشدا پاشەکشەی ئابوری لێ دەکەوێتەوە.

5- کاریگەریەکانی لەسەر هەڵاوسان و نرخەکان بەگشتی

بەردەوامی ئەم هێرش و پەلامارە موشەکیانە دەبنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان بەشێوەیەکی بەردەوام. بەتایبەت دوای پەیامی ناڕەزایی حکومەتی عێڕاق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانەوە کە ڕەنگە کار بکاتە سەر ئاستی تێڕوانینی گشتی بەرامبەر بە ئێران و بەرهەمە هاوردەکراوە ئێرانیەکان. هەروەها لە ئەگەری تێکچوونی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، یاخود کەمبوونەوەی خواستی ناوەخۆ لەسەر بەرهەمە ئێرانیەکان ئەوا کاریگەری لەسەر نرخی ئەم شمەک و خزمەتگوزاریانە دروست دەبێت کە هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوەخۆ لە ئێران هاوردەی دەکات.

هەموو ئەم هێرش و پەلامارە موشەکیانەی ئێران بۆ سەر کوردستان بە پلانە و لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی درێژخایەن ئەنجامیان دەدات. بەڵام بەردەوامی ئەم هێرشانە و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەم هەوڵانە وایکردووە تێڕوانینی ناوەخۆ و سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەرامبەر بە پەیامی ئاشتی هەولێر و هەوڵەکانی ئێران بۆ بەبارمتەکردنی هەرێمی کوردستان زیاتر ڕوون و ئاشکرابن. هەرچەندە ئەگەر ئێران توانیبێتی لە ماوەیەکی کورتخایەن و لەڕێگەی هێرشە بەردەوامەکانی تەگەرەکانی بەردەم پێشکەوتنی ئابوری کوردستان بەهێزتر بکات بەڵام هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن بۆ پێشکەوتنی زیاتر. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیمان بە یەکدەنگی و خۆڕاگری زیاتری ناوەخۆیی و کاری بەردەوام هەیە تا بتوانین بەردەوامی بە پێشکەوتنە هەمیشەییەکان بدەین.