ئانۆ جەوهەر: هێرشەکانی سەر هەولێر دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانن

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی سەر هەولێر دوورن لە بەها مرۆڤایەتییەکان و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەڵێت: هێرشەکانی سەر هەولێر دوورن لە بەها مرۆڤایەتییەکان و دژی یاسای نێودەوڵەتییەکانن.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".