ئومێد خۆشناو: پێویستە حکومەتی عێراق زامنی پاراستنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ بکات

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر دەڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق زامنی پاراستنی ئاسمان بکات چونکە، ئەم کارە بەرپرسیارییەتی ئەوان و دەبێت هاوپەیمانانیش رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەولێر لەبەر ئەوەی دەکرێتە ئامانج چونکە خاوەن ئیرادەی خۆیەتی و ناکەوێتە ژێرباری هیچ فشارێک و هەموو ئەم هەوڵانە شکست دەهێنن.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق زامنی پاراستنی ئاسمان بکات، چونکە ئەم کارە بەرپرسیارییەتی ئەوان و دەبێت هاوپەیمانانیش رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".