له‌ دژی هێرشه‌كانی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر سبه‌ی له‌ 15 وڵاتی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

دیمه‌نێكی بۆردومانی ئێران بۆسه‌ر شاری هه‌ولێر: وێنه‌/ كوردستان24
دیمه‌نێكی بۆردومانی ئێران بۆسه‌ر شاری هه‌ولێر: وێنه‌/ كوردستان24

K24 – برۆكسل:

بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان و هه‌ولێر، بڕیارە رەوەندی کوردی خۆپیشاندان لە وڵاتە ئەوروپییه‌كان و ئەمه‌ریکا ئه‌نجام بده‌ن و لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی ئێران کۆببنەوە.

خۆپیشاندانه‌كان سبه‌ی (شه‌ممه‌ 20ـی كانوونی دووه‌می 2024) له كاتژمێر 12 لە (به‌رلین، دۆسلدۆرف، هانۆڤه‌ر، هامبۆڕگ، ڤۆلسبۆڕگ، له‌نده‌ن، ئه‌مسته‌ردام، پاریس، ئۆسلۆ، هیلسیكی، بڕۆكسل، ڤێنا، كۆپنهاگن، واشنتۆن، ستۆكهۆڵم، ئه‌سینا و جنێف) به‌ڕێوه‌ ده‌چن.

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی هەڵساوە بەئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە و داوا لەدیاسپۆرا دەکەن، وەکو ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی تەنیا بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەشداری بکەن.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی ئاماره‌كان پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوت.