بەرگری شارستانی چەند بەڵگەنامەیەکی دیکەی میشێڵ لە شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر دەدۆزێتەوە
K24 – هەولێر:
بەرگری شارستانی هەولێر لە پرۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو ژنە فلیپینییەی لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر بێسەروشوێنە بەردەوامە و چەند بەڵگەنامەیەکی دیکەی دۆزراوەتەوەوە.
رۆژی هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆزینەوەی چەند بەڵگەیەکی دیکەی میشێڵ لەژێر پاشماوەی خانووە رووخاوەکە و وەرگرتنی گوتەی هاوڕێیەکی ئەو ژنە فلیپینە کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری، بەڵگەی ئەوەیە لەکاتی هێرشەکەدا میشێڵ لەو ماڵەدا بووە.
کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەکرد، لەمیانی پرۆسەی گەڕان و پشکنیندا، چەند بەڵگەنامە و بڕێک پارە و جانتای میشێڵ دۆزراوەتەوە لە ماوەی گەڕانەکانی ئەمڕۆ و دوێنێدا، بۆیە ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری و دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ژنە فلیپینییە.
گوتەبێژەکەی بەرگری شارستانی هەولێر باسی لەوەشکرد، میشێل تەمەنی 42 ساڵە و لەدایکبوونی ساڵی 1982ـەوە و ماوەی نۆ مانگە لەو ماڵەی شەهید پێشڕەو دزەیی وەک دایەنی ژینای کچی کاریکردووە، کە لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر شەهیدبوون.
پێشتر کوردستان24 وەک یەکەم دەزگای میدایایی، ناسنامەی ئەو ژنەی ئاشکراکرد کە بەگوێرەی زانیاری کەسوکارەکەی، ئەو ژنەی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە ناوی میشێڵ میندۆزایە و تەمەنی 42 ساڵە و خەڵکی فلیپینە کە وەک دایەنی کچە بچووکەکەیان لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کاریکردووە.
هەروەها رۆژی (19ـی كانوونی دووهمی 2024) چارلی باكانیا مانانجان، باڵیۆزی فلیپین له عێراق بهمهبهستی له نزیكهوه ئاگاداربوون له هێرشه مووشهكییهكهی ئێران بۆ سهر ههولێر و بهئامانجگرتنی ماڵی شههید پێشڕهو دزهیی، سهردانی شوێنی مووشهكبارانكردنهكهی كرد و تیمهكانی بهرگری شارستانی ههولێری بهسهر كردهوه كه بهدوای تهرمی میشێڵی دایهنی ژینای كچی شههید پێشڕهودا دهگهڕێن.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.