لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران، سەرکردەکانی جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ هەولێر دووپاتدەکەنەوە

ماڵی ئەو هاووڵاتییەی هەولێر کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە ئامانج
ماڵی ئەو هاووڵاتییەی هەولێر کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە ئامانج

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی 54ەمین کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس زیاتر لە 45 دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک، سەرۆک وەزیران و بەرپرسیانی باڵای وڵاتانی جیهان هەبوو.

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. هەڵوێستی سەرۆکی حکومەت و سەرکردەکانی جیهان سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر بەم شێوەیە بوون:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە رایگەیاند" "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان هیچ هۆکارێکیان نییە و بێ پاساون، نابێت بێ وەڵام بمێننەوە. هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکە، بەڵام ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان. هیواداراین حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێکاری پێویست بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە بگرنەبەر و جارێکی دیکە روونەدەنەوە."

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: " بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە. ئەمەریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی رژد وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەدەن."

لەلایەن خۆیەوە، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا هەڵوێستی کۆشکی سپی ئاشکراکرد و رایگەیاند: "بە توندترین شێوە هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوشتنی خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکەین. پشتیوانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەین."

هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر هەولێر لە پەیامێکدا باسی لەوەکرد: "پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر هەڕەشەی راستەقینەن بۆ سەر سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق. دەبێت ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزرێت."

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر راگەیاند و گوتی" " پێشێلکردنی سەروەریى عێراق و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."

هاوکات دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی ئەو هێرشانەوە هەڵوێستی لەندەنی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "هێرشکردنە سەر هاووڵاتی سڤیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق، بە توندی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین."

رۆژی پێنجشەممە (18ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەمساڵ لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، چیرۆکی کۆڵنەدانی کوردستانمان گێڕایەوە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانمان بە جیهان ناساند و پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر کرد. ئەو چەواشەکارییانەشمان ئاشکرا کرد کە بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان باس دەکران".

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.

لەلایەن خۆیەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، "پێچەوانەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراقە کە لەوانەیە هەڵبپەسێردرێت و ئێران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان دەگەیەنێت".