گوهدار شێخۆ: سبەی گەورەترین خۆپیشاندان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر لە زاخۆ ئەنجام دەدەین

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر بە "تیرۆریستی و بێ پاساو" ناودەبات و، دەڵێت، سبەی گەورەترین خۆپێشاندان وەکو ناڕەزایەتییەک لە دژی هێرشەکە لە زاخۆ ئەنجام دەدەن.  

ئەمڕۆ شەممە، 20-01-2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر "تیرۆریستی" بوو و پێشێلکارییەکی ئاشکرا بوو، بۆ سەر سەروەریی خاک و سەربەخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی گوهدار شێخۆ، سبەی یەکشەممە، 21-01-2024، گەنج، لاو، پیر و هەموو چین و توێژەکانی زاخۆ بەشداری لە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن. گوتیشی، "ئامادەکارییەکان تەواوبوون و دەبێتە گەورەترین خۆپیشاندان لەسەر ئاستی کوردستان".

وەکو ئەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی کرد، دەیانەوێت لە رێگەی خۆپێشاندانەکەوە پەیامی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن "بۆ ئەوەی چیدیکە هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان نەکرێنە قوربانی ئەو جۆرە هێرشە بێ پاساوانە".

گوهدار شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو، وەکو پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆش داوای لە هەموو هاووڵاتی و بازرگانان کردووە بایکۆتی هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران بکەن و نەیانکڕن. روونیشیکردەوە، هەوڵدەدرێت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پێداویستییەکانی خەڵک پڕبکرێنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.