وەزارەتی پەروەردە: سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ئیدانەی هێرشەکانی ئێران دەکەین

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەکات سبەی بە خولەکێک راوەستان لەگەڵ سرودی ئەی ڕەقیب بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بکرێت.

رۆژی شەممە (20ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەمەبەستی  سەرکۆنەکردنی تاوانی هێرشکردنە سەر هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و بریندارەکانی، رۆژی یەکشەممە (21ـی کانوونی 2024)، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی وەزارەتی پەروەردە، خولەکێک راوەستان لەگەڵ سروودی ئەی رەقیب بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم ئەنجام بدرێت".

وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن گوتارێک پێشکەش بکەن لەبارەی ئەو ستەم و تاوانە کە هیچ بیانوویەکی نەبووە و نییە، هەروەها جەخت لە گەیاندنی پەیامی خۆڕاگریی و ئیرادە بەرزی کوردستانییان و ئاشتیخوازی بکەنەوە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.

لەلایەن خۆیەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، "پێچەوانەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراقە کە لەوانەیە هەڵبپەسێردرێت و ئێران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان دەگەیەنێت".