موهەند جەنابی: بە ئامانجگرتنی چەندین جاری هەولێر، نیشانەی بێتوانایی ئێرانە لە کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی کوردستان

موهەند جەنابی
موهەند جەنابی

K24-هەولێر:

شارەزایەکی سیاسەتی نیودەوڵەتی دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، بە ئامانجگرتنی چەندین جاری هەولێر، نیشانەی بێتوانایی ئێرانە لە کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە(20ی کانوونی دووەمی 2024)، موهەند جەنابی مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بە کوردستان24ی گوت: ئەوەی ئێران کردی لە هێرشکردنە سەر هەولێر، پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەری عێراقە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشەی سەر هەولێر کردەوەیەکی دوژمنکارانەیە لەسەر ئاستی جیهاندا  ئیدانە و سەرکۆنە کرا، دەشڵێت: ئێران بەو هێرشانەی دەیسەلمێنێت نایەوێت ئەو ناوچەیە سەقامگیر بێت، دەشیانەوێت بەرەی جەنگی غەززە بەرفراوان بکەن، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە عێراق لەوە بەدوور بگیرێت پەلکێشی مەیدانی جەنگ بکرێت، بەڵام ئێران پشتیوانی ئەوە دەکات سەقامگیری عیراق تێک بچێت لە رێگەی ئەو کردەوە دوژمنکارانەی راستەخۆ دەیکاتە سەری، یاخود لە رێگەی ئەو گرووپە میلیشیا چەکدارانەی نێو عێراق کە پارەداریان دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە یەکەمجار نییە ئێران سەروەری عێراق پێشێل دەکات و هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرێت لە رێگەی پاساوی بێ بنەما و پروپاگەندی درۆ و ناڕاست، راگەیاندراوە حکومیەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەوەی ئێران دەیڵێت،دوورە لە راستییەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵبدەن ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بپارێزن، وا بکەن ئێران ناچاربکەن بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ عێراق بکات، وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری.

لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و ئێرانیش، ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی: ئێران و عێراق رێککەوتنێکی ئەمنیان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوور، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ئەو رێککەوتنە بوونە و هاوکاربوونە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی، هێشتا رێککەوتنەکە زۆر نوێ بوو کە ئێران دەستی بە هێرشەکانی کردەوە، بۆیە دوای هێرشەکەی سەر هەولێر، وەزیری بەرگریی فیدراڵی رایگەیاند کە، پێویستە پێداچوونەوە بە رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران بکرێت، چونکە ئێران پابەندی پاراستنی سەروەری عێراق نییە، دەڵێت: هەڵوێستە فەرمییەکانی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەو، سکاڵای عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش، پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی و عێراقی لێدەکرێت.

ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە، گەلی عێراق دەزانێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی و باڵە سەربازییەکانیان چەندە پابەندی ئێرانن، بۆیە دەبینین چەند پشتیوانی لەو هێرشەی ئێران دەکەن کە کردوویانەتە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان، کە ئەوە لە میدیایی عێراقدا بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی رێگریی لێبکات کە دەبێتە هۆی دروستبوونی نا سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق، دەڵێت: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرژەوەندییەکانی ئێران پێش بەرژەوەندی عێراق و پێش ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەخەن، ئەوەش بەشێکە لە لاوازی حکومەتی عێراق، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسیی ،گوتاری حکومەتی عێراقی گوتارێکی تەواو جیاواز و باشبوو، بۆیە پێم باشە حکومەتی عێراقی هەنگاوی زیاتر و رژدتر بهاوێژێت، هەروەها رێکاریی توندتر بەرامبەر ئێران بگرێتە بەر، کارتی ئابووری و کارتی دراو، دوو کارتی بەهێزن بەدەست عێراقەوە بۆ ئەوەی ئێرانی پێ رابگرێت.

لەبارەی ئەگەری بەردەوامی پێشێلکردنی سەروەری عێراق هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و هەولێریش لەلایەن ئێرانەوە، ئەو شارەزایە پێی وابوو، پشتگیری نێودوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکان نابنە رێگر لەبەردەم ئێران بۆ ئەوەی هێرشەکانی رابگرێت و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق پێشێل نەکات، گوتی: پێم وایە بە ئامانجگرتنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بۆ چەندین جار، ئەوە نیشانەی ئەوەی ئێران بێتوانایە لە کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی کوردستان، زۆرێکیش پێیان وایە کە ئێران و میلیشیاکانی ناتوانن دەستبەسەر هەرێمی کوردستاندا بگرن، بۆیە وا دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە عێراقدا کە لەدەرەوەی هەژموون و دەسەڵاتی ئێرانە، هەولێر باجی ئەوە دەدات.