لە ناوەندەکانی خوێندن سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکرێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 21/1/2024، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی وەرزی دووەمی خوێندن، بە بەشداری ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، رێوڕەسمی تایبەت بە رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەڕێوەچوو، هاوکات سەرکۆنەی ئەو هێرشە کرا بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل.

 سەرەتای رێوڕەسمەکە لە قوتابخانەکان بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستیپێکرد، بەڕێوەبەرەکانی قوتابخانەکان لە وتەیەکدا باسیان لەو هێرشە تاوانکارییە کرد کە بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتی سڤیل لە هەولێر گیانیان لەدەستدا و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر بەشداری لە رێوڕەسمەکە کرد و لە وتارێکدا هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر بە تاوان و دوژمنکاری ناوبرد، گوتیشی: "هەرێمی کوردستان هەرێمێکە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیخوازی هەمووان، ئەوانەی کە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج هیچ بیانوێکیان نییە".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: پەلاماردان و شەهید کردنی خەڵکی سڤیل بەبێ هیچ بیانوێک ئازایەتی نییە، چونکە جەنگ لە شوێنی دیکەیە نەک هەرێمی کوردستان، ئەو تاوانە لە بیرەوەری نەوە دوای نەوەی خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە لەلایەن خەڵک دەرخەری ناڕەوایەتی و ئەو زوڵم و ستەمەیە کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کرا، ئەوان کە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستنەوە دێن خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان دەکەنە قوربانی".