لە 700 ناوەندی خوێندن لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەوام دەستیپێکردووەتەوە

K24 - سلێمانی

پرۆسەی خوێندن لە زیاتر لە 700 ناوەندی خوێندن لە سنووری سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە پەروەردەی گشتی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، "تائێستا زیاتر لە 700 ناوەندی خوێندنی سنووری پەروەردە گشتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین دەوامیان دەستیپێکردووەتەوە و مامۆستایان چوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن، چاوەڕوان دەکرێت ئەو ژمارەیە  لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بێت".

راشیگەیاند: "زۆرینەی مامۆستایان دەستیان بە دەوام کردووەتەوە، بەڵام هەندێک لایەن و دەزگای راگەیاندن هەوڵدەدەن دەرگای قوتابخانەکان لەو دەڤەرانە نەکرێتەوە".

مامۆستا میدیا مۆفەق، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندیی کچان لە سلێمانی، بە کوردستان24ی گوت: "هەر لە سەرەتاوە وەرزی خوێندنەوە، لە قوتابخانەکەمان دەستمان بە پرۆسەی خوێندن کرد و بایکۆتمان نەکرد، چونکە خوێندکاران چاویان لە دەستی ئێمە و نابێ مافەکانیان پێشێل بکەین".

گوتیشی: "داوا لە هەموو مامۆستایان دەکەین بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی مافی قوتابیان نەخورێت".

یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەکە دەڵێت: "دڵخۆشین بەوەی کە وانەکانمان نەفەوتاوە و بەردەوام بووین لە خوێندن، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەمان دەکەین".

لەلایەکی دیکە ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی پەروەردە لە سلیمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە تاوەکوو رۆژی پێنجشەممە پرۆسەی خوێندن لە زیاتر لە 750 ناوەند دەستیپێکردووەتەوە.

گوتیشی: ئێمە درک بە دۆخی مامۆستایان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگری تەواوی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە بە تەواوی بکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی، چونکە چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە گرنگە و لەو پێناوەشدا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە هەردوو وەرزەکەی خوێندنی تێدایە.

سەبارەت بە قوتابیانی پۆلی 12، وەزیری پەروەردە گوتی: لە ئەنجومەنی وەزارەت میکانیزمێک تاوتوێ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بتوانین قەرەبووی ئەو قوتابیانە بکەینەوە، هەم لەڕووی کات و هەم بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەزاری.

راشیگەیاند، ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێخی تێدا ناکرێت.

لە 8ی ئەم مانگەوە پەروەردەی گشتی سلێمانی ساڵنامەی خوێندنی بڵاوکردەوە کە لە 9-1-2024 دەوامی وەرزی یەکەمی خوێندن لە قوتابخانەکان دەستپێدەکات. لە 4-3-2024، کۆتایی دێت، هەروەها دەوامی وەرزی دووەمی خوێندن لە 24-3-2024 دەستپێدەکات لە 16-5-2024 کۆتایی دێت.