داوا دەکرێت پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر رێکبخات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ داوا دەکرێت پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی رێکبخات و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بە تاوان بناسێنێت.

لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجارە عێراق هەوڵێستيکی روون و ئاشکرای بەرامبەر ئەو وڵاتە دەبێت و ئەم هێرشانە بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری خاکی خۆی ناودەبات.

لەسەر ئاستی دەرەوە، عێراق بەنیازە لەسەر هێرشی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵ و مۆڵکی هاووڵاتییانی هەولێر، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سکاڵا لەسەر ئێران تۆماربکات.

لەسەر ئاستی ناوخۆش داوا دەکرێت، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت ڕێکبخات و هێرشی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر عێراق بەتاوان بناسێنێت، بەڵام هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و بەردەوامی ناکۆییە سیاسییەکان، وایانكردووە ئەنجامدانی دانیشتنێکی لەو شێوەیە ئەستەم بێت.

عەبدولرەحمان جەزائیری، شارەزای ئەمنی و سەربازی دەڵێت، "لاوازترین هەڵوێست کە خەڵکی عێراق ئێستا دەیبینێت، هەڵویستی پەرلەمانە. پێموایە پەرلەمان ئەمڕۆ لاوازترین هەڵوێستی هەیە. بەڵگەش لەسەر ئەمە؛ پێشووتر تورکیا سەروەری عێراقی بەزاندووە، ئەمەریکا بە هەمان شێوە، ئێستاش هێرشە درۆنییەکانی ئێران، هەموو رۆژێک سەروەری ئەم وڵاتە دەبەزێنرێت، بەڵام پەرلەمان هیچ هەڵوێستێکی نییە".  

لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانیش کە بەنزیک لە ئێران دادەنرێن، هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق رەتدەکەنەوە و دەڵێن، رێگە نادەن عێراق ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێیە سیاسییەکان.

عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح  ئاماژە بەوە دەدات،" ئێمە قبووڵ ناکەین لە ژێر هیچ ناوێکدا سەروەری عێراق ببەزێندرێت، ئەگەر کوەیت لە ڕێگەی دەریاییەوە ئەم کارە بکات یاخود ئێران لە ڕێگەی مووشەکەوە یان تورکیا و ئەمەریکا بن. لە بەرامبەریشدا نابێت عێراق ببێتە شوێنی ململانێی بۆ وڵاتانی دراوسێی ئینجا ئێران بێت یان تورکیا".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو راپۆرتانەی لەدوای هێرشەکان بە حکومەتی عیراقی دراون، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ھیچ دەزگایەکی مۆساد لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا نییە .