چین و توێژەکانی زاخۆ ئیدانەی هێرشەکەی ئێران دەکەن

K24 – زاخۆ

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2024، بە هەزاران هاووڵاتیی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لە گۆڕەپانی پردی دەلال گردبوونەوە.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ی گوت: "خەڵکی زاخۆ دەیەوێت لێرەوە ئەو پەیامە بە دونیا بگەیەنێت کە ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین و ئاشتیمان دەوێت، ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر هاووڵاتییانی هەولێر هێرشێکی تیرۆرستییە".

گوتیشی: "لە گردبوونەوەی ئەمڕۆی زاخۆ، پەیامێک لەلایەن نوێنەری خەڵکی زاخۆ ئاراستەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق و جیهان دەکرێت".

جگە لە کورد بەشێک لە کریستیانەکان بەشدارییان لە گردبوونەوەی زاخۆ کردووە، یەکێک لە هاووڵاتییە کریستیانەکان دەڵێت: کوردستان هەمیشە جێگەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووە و دژی هیچ نەتەوە و پێکهاتەیەک نەبووە، بۆیە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەولێر ناڕەوا و بێ پاساون".

هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی گردبوونەوەکە، گوتی: "ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان دژی ئەو ئاشتیی و پێکەوەژیانەن کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".