دانیشتووانی زاخۆ هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران شەرمەزار دەکەن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هەموو چین و توێژە جیاوازەکانەوە بۆ ئیدانەکردنی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل لە هەولێر رژانە شەقام و بە یەک دەنگ دەڵێن: دوژمنان ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن.

کاردانەوەکانی ئیدانە و شەرمەزارکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش لەلایەن رەوەندی کوردی فراوانتر دەبێت و ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هاووڵاتییان بە بەرکردنەوەی وێنەی شەهید پێشڕەو و شەهید ژینەی 11 مانگ، ئیدانەی هێرشە دوژمنکارییەکانی سوپای پاسدارانیان کرد.

هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە بێدەنگی بشکێنێت و سنوورێک لەبەردەم ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دابنێت، بۆ ئەوەی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

کاتژمێر 11:30خولەکی شەوی 15ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی لەو هەولێر ماڵی گەورە بازرگانی کورد، پێشڕەو دزەیی کردە ئامانج، بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهید و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە سەرجەمیان سڤیلن، لە کاردانەوەی ئەو هێرشە مووشەکییەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش، قاسم ئەعرەجی، کە سەرۆکی لیژنە لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانە، دوای بەسەرکردنەوەی بریندارانی هێرشەکە و سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە، بانگەشەو پڕوپاگەندەکانی ئێران و سوپای پاسدارانی رەتکردەوەو رایگەیاند، ئەو شوێنەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، نەک بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل.