رێبوار هادی: حکومەتی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رژدە

رێبوار هادی، سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
رێبوار هادی، سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حكومەتی عێراق كار دەكات بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای ھەمواركردنەوەی یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان و تاوەکو لەوێدا دەنگی لەسەر بدرێت و هەموار بکرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) رێبوار هادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەیاسای ھەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە ئامادەدەكرێت و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ئێمە ھەمانە حكومەت رژدە لەسەر ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە.

سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، ھۆكاری دواكەوتنی ناردنی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەنیا پرسی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو چەند بابەتێكی دیكەش لەخۆ دەگرێت.

پێشتریش رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، سوودانی بەڵێنی داوە کە بە خێرایی پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت.

باسی لەوەشکردبوو، "عێراق بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە (ئینفاقی فیعلی) دەردەهێنێت و دەیخاتە بودجەی (حاکیمە) لەو بودجەیە ساڵانە 10 ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە".

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتبووشی: "ئەو گۆڕانکاریانە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق، لەلایەن دوو لیژنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەموارەکە ئامادەدەکرێت و دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، دواتر دەنێردرێتە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەسند بکرێت".