میدیا ئێرانییەکان بۆ شێواندنی راستییەکان پەنا بۆ فۆتۆشۆپ دەبەن

کوردستان24 وێنە راستەقینەکە دەخاتەڕوو
کوردستان24 وێنە راستەقینەکە دەخاتەڕوو

K24 – هەولێر:

بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ شاردنەوەی تاوانی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر کە بووە هۆی شەهیدبوونی و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سیڤیل، بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان پەنا بۆ دەستکاریکردنی وێنەکان دەبات.

میدیا ئێرانییەکانی نزیک لە دەسەڵاتی تاران، بۆ چەواشەکردنی رای گشتی وڵاتەکەیان و دروستکردنی بەڵگەی ناڕاست بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر و دۆزینەوەی پاساو کە گوایە بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی و کەسانی نزیک لە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، چەند وێنەیەکی شەهید پێشڕەو دزەییان بە فۆتۆشۆپ دەستکاریکردووە.

ئەم هەنگاوەی میدیا ئێرانییەکان هەرزوو لە میدیاکانی دیکە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا بوو، بەشێوەیەک جگە لە بڵاوبوونەوەی وێنەی رەسەنی ئەو وێنانەی دەستکاریکراون، هاوکات وێنەیەکی دیکەش بڵاوکراوەتەوە کە بە ئاشکرا و ناشارەزاییەکی زۆر دەستکاریکراوە کە ئاشکرای دەکات وێنە راست نییە.

میدیا ئێرانییەکان وێنەی کەسێکی جوویان بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ کەسێک کە گوایە پێشڕەو دزەیی لەگەڵیدا وێنەی گرتووە، بۆ سەلماندنی ئەو چەواشەکارییەی پێشتر بۆ پاساوی هێرشەکەی هەولێر بڵاویانکردووەتەوە، بەڵام لە وێنە راستەقینەکە دەردەکەوێت ئەوە کەسێکی دیکەیە وێنەی لەگەڵ ئەو کەسە جووە گرتووە بەڵام بە فۆتۆشۆپ وێنەکە دەستکاریکراوە و وێنەی شەهید پێشڕەو دزەیی لە شوێنی ئەو کەسە دانراوە.

0
0

وێنەی دووەمی میدیا ئێرانییەکان کە بەشێوەی تەکنیکی زۆر لاواز دروستکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە جێی گاڵتەجاری کە گوایە شەهید پێشڕەو لەگەڵ کەسایەتییەکی ئیسرائیلی لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتوون، چونکە لە وێنەکەدا بە روون و ئاشکرایی دیارە کە وێنەکە دروستکراوە و ئەوەی کەمێک سەرنجی بدات دەردەکەوێت کە لەلایەن کەسێکی ناشارەزا لە بەرنامەی فۆتۆشۆپیش ئەنجامدراوە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.