بەرنامەی باسی رۆژ تاوتوێی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان دەکات

حامد موتڵەگ، سەرۆکی پارتی گفتوگۆ و گۆڕانکاریی و مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی
حامد موتڵەگ، سەرۆکی پارتی گفتوگۆ و گۆڕانکاریی و مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

حامد موتڵەگ، سەرۆکی پارتی گفتوگۆ و گۆڕانکاریی و مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریییان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان لەسەر رووداوەکە خستەڕوو، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، دەستدرێژی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری خاکی عێراق، هاوکات گوتیشیان : "پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق یەک هەڵوێست بن و بڵێن دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقین".

 

حامد موتڵەگ: هەندێک لایەنی سیاسی بەرژەوەندی عێراقیان ناوێت

حامد موتڵەگ، سەرۆکی پارتی گفتوگۆ و گۆڕانکاریی، رایگەیاند، هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان پێویستە سەرکۆنە بکرێتە چونکە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق، هەروەها قاسم ئەعرەجیش جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کارە قێزەوەنە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.

سەرۆکی پارتی گفتوگۆ و گۆڕانکاریی، ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق هەن تا ئێستا قسەیان لەسەر ئەو هێرشە نەکردووە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی هەستپێکراوی ئەوەیە ناکۆکییەکان باڵیان کێشاوەتە سەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و رەنگیان داوەتەوە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی عێراق و هەروەها دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی.

حامد موتڵەگ، هاوکات راشیگەیاند، "عێراق ماوەی 20 ساڵە بەهۆی دابەشبوونی لایەنە سیاسیەکانی دەناڵێنێت، کاتێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر سەروەری خاکەکەت، پێویستە هەموو لایەنەکان یەک هەڵوێست بن بڵێن ئێمە دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقین".

گوتیشی: هەندێک لایەنی سیاسی لەنێویان چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێران هەیە، هەندێکیش هەن پەیوەندییان لەگەڵ ئێران نییە و لەگەڵ دەوڵەتی دیکە دۆستن، لێرەدا نیشتمان ونبووە، بە واتای ئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی بەرژەوەندی عێراقی دوادەخەن بۆ وڵاتی دیکە.

سەرۆکی پارتی گفتوگۆ و گۆڕانکاریی، لەبارەی پاکستان گوتی: پاکستان خاکێکی یەکگرتووە یەکانگیرە، پێچەوانەی عێراقە کە دوای داگیرکاری دابەش بووە توانای ئەوەی نییە هیچ بڕیارێک دەربکات کە لە بەرژەوەندی خۆی و خەڵکەکەی بێت، ئەگەر عێراق لاواز نەبووایە ئەو دەستدرێژییانەی نەدەکراسەر.

گوتیشی: ئەگەر بمانەوێت عێراق بەهێز و یەکگرتوو بێت پێویستە پڕۆژەی نیشتمانی راستەقینە سەربخەین کە جیاوازی ناکات لەنێوان هیچ هاووڵاتییەک.

مستەفا شەفیق: هەرگیز هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ جێگەی مەترسی نەبووە

مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ هیچ کاتێک نەبووەتە مەترسی، هەمیشە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان داوای پێکەوەژیان و  ئاسایشی دراوسێکانیان کردووە، هەروەها لە دوای شەڕی غەززە ئێران تووشی تەنگەژەی زۆر گەورە بووە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، لەبارەی هەبوونی بنکەی مۆساد لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بنکەی مۆساد لە هەرێم هەبێت، ئەو ئێران دەتوانێت بە فەرمی لە رێگەی نوێنەرە دیپلۆماسییەکانییەوە داوا لە حکومەتی عێراق بکات کە پێویستە رێکاری پێویست بگرێتەبەر، هیچ وڵاتێک بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مافی ئەوەی نییە خۆی لە کاروباری وڵاتی دیکەوە تێوەبگلێنێت، ئەوەش بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە لە یاسای نێودەوڵەتی.

مستەفا شەفیق، باسی لەوەکرد، ئێران بەردەوام دەیەوێت لەسەر هەرێمی کوردستان جۆرێک فشار دروست بکات، ئێران توانیویەتی هەژموونی خۆی بەسەر بەشێکی زۆر لە  ناوچەکانی عێراق بسەپێنێت، هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا نەچووەتە ژێر هەژموونی ئێران، بۆیە ئێران هەمیشە هەوڵی فشار خستەنسەری دەدات.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتیشی: هەندێ لایەنی سیاسی عێراقی هەن بەبێ مەرج پشتیوانی لە سیاسەتی ئێران لە عێراق دەکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆ عێراق مەترسیدارە.

سەبارەت بە هەڵویستی حکومەتی عێراق لەسەر هێرشکردنە سەر هەولێر، مستەفا شەفیق، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکومەتی عێراق دوای هێرش بۆ سەر هەولێر راستەوخۆ هاتە سەر هێڵ و سکاڵای بەرز کردووە بۆ ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش هەنگاوێکی باش بوو پێوستە پشتیوانی لێبکرێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە بەرگری لە سەروەری خاکی خۆی بکات، بۆیە ناتوانێت وەڵامێکی یەکسەرەی ئێران بداتەوە، هەروەها عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی مامەڵە بکات بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".