لە سلێمانی شەڕەتەقە روویدا و قوربانی هەیە

شاری سلێمانی - وێنە: ئەرشیف
شاری سلێمانی - وێنە: ئەرشیف

K24 – سلێمانی:

لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی داواکراوێک و پۆلیسی سلێمانی، شەڕەتەقە روویدا و بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانیش رایگەیاند، سێ بریندار گەیەنەدراونەتە نەخۆشخانە و یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

شەوی (21ـی کانوونی دووەمی 2024) لە شەقامی پیرەمێردی سلێمانی شەڕەتەقە روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، مەفرەزەیەکی پۆلیسی سلێمانی هەوڵیاندا تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، بەڵام تۆمەتبارەکە بە چەک رووبەڕوویان بووەتەوە و لە ئەنجامدا سێ پۆلیس برینداربوون.

لەلایەن خۆیەوە سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بەکوردستان24ـی راگەیاند سێ بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیربووە و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو پۆلیسەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە ناوی (رزگار ئەحمەد)ـە و پلەی رێپێدراوی پۆلیسە و لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێك برینداربوو، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.