کاندیدێکی کۆمارییەکان لەکێبرکێی هەڵبژاردنەکان کشایەوە و پشتیوانی خۆی بۆ ترامپ راگەیاند

K24 - هەولێر

رۆن دیسانتیس، پارێزگاری ویلایەتی فلۆریدا، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بۆ بردنەوەی کاندیدکردنی سەرۆکایەتی لە پارتی کۆمارییەکان راگرت، راشیگەیاند، پشتگیری لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەکات.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە کەناڵی X بڵاویکردووەتەوە، دیسانتیس، هەفتەی رابردوو لە هەڵبژاردنی سەرەتایی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئایۆوا پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوە گوتی: "ناتوانم داوا لە لایەنگرانمان بکەم کە کاتەکانیان خۆبەخشانە پێشکەش بکەن، ئەگەر رێگایەکی روونمان نەبێت بۆ سەرکەوتن، بۆیە ئەمڕۆ هەڵمەتەکەم رادەگرم".

ئاماژەی بەوەشکرد، "من پێم وایە زۆرینەی دەنگدەرانی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان دەیانەوێت دەرفەتێکی دیکە بە دۆناڵد ترامپ بدەن". دەشڵێت: هەرچەندە من جیاوزیم هەبوو لەگەڵ دۆناڵد ترامپ لەسەر پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەو باشترە لە جۆ بایدن.

دووشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترامپ، لە یەکەم هەڵبژاردنی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەی کە لە ویلایەتی ئایۆوا ئەنجامدرا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، دیسانتیس بە جیاوازییەکی زۆر لە پلەی دووەمدا هاتووە، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "ئیدیسۆن ریسێرچ"، پێش نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتووە.

ترامپ بە سەرکەوتنەکەی، هەژموونی خۆی بەسەر پارتەکەدا پشتڕاستکردەوە لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات سێیەم سەرکەوتنی کاندید لەسەریەک بەدەستبهێنێت و بەشداری دووەمین رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی دیموکراتەکان بکات.

بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرێوەبچێت، کە دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کێبرکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.