پەرلەمانتارێک: پێموانییە حکومەتی عێراق هەڵوێستی دیکەی لەبارەی هێرشەکەی ئێران هەبێت

چیایی تەیموور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
چیایی تەیموور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت حکومەتی عێراق هەڵوێستی توندتر لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بنوێنێت. دەشڵێت، لە لایەنە شیعییەکان، "تەنها سەدر" سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22-01-2024، چیایی تەیموور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کاردانەوەکان و هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 09:00ـی کوردستان24 بوو.  

چیایی تەیموور گوتی، "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، بەهۆی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق؛ پەرلەمان ناتوانێت هیچ دانیشتنێک لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر ئەنجام بدات، ئەگەر نا فراکسیۆنی پارتی هەر لە رۆژی یەکەمی هێرشەکە داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی کردبوو".

بە گوتەی چیایی تەیموور، "بۆ یەکەم جار هەڵوێستی حکومەت، وەزارەتی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە ئاستی پێویستدا بوو. پێشبینیش ناکەم لەم هەڵوێستە زیاتر هیچی دیکەیان پێ بکرێت".

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، "تەنها موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵوێستی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر نواند و سەرکۆنەی کرد، ئەگەر نا لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق لەبەر ئەوەی سەر بە ئێرانن و فەرمان لە تاران وەردەگرن، بێ دەنگیان نواند و هیچ هەڵوێستیان نەبوو. بگرە بیانووشیان بۆ ئێران دەهێنایەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".

عەباس زاملی ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕی هەر وڵاتێک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبووبێت؛ ئێران دەیتوانی لە رێگەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک هێرشی مووشکەی بکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیل".

هاوکات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج "شوێنێکی سڤیلە و خانووی سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو و بەڕێزی شاری هەولێرە. ماوەی چەندین ساڵ بوو خێزانەکەی تێیدا دەژیان و، هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە. هەموو ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، بێ بنەمان".