پارتێکی ئەڵمانیا داوای دیپۆرکردنەوەی کۆچبەرانی ئۆکرانیا دەکات

K24 - هەولێر

ئالیس فایدڵ سەرۆکی پارتی "بەدیل بۆ ئەڵمانیا" رایگەیاند، پێویستە کۆچبەرانی ئۆکرانیا دوای کۆتایی هاتنی جەنگ دیپۆرتی وڵاتەکەیان بکەینەوە.

ئالیس فایدڵ بە رۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"ـی بەریتانی راگەیاند، "کاتێک جەنگ لە ئۆکرانیا کۆتایی هات، دەبێت هەموو ئۆکرانیاکان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئۆکرانیا بنیاد بنێننەوە".

گوتیشی: "کۆچبەرانی ئۆکرانیا جێگەیان لە ئەڵمانیای داهاتوو نابێتەوە". هەروەها هەڵەبووین لەوەی چاودێری کۆمەڵایەتیمان بۆ دابین کردن.

ماڵپەڕی "کۆرێکتیڤ" کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا کرد، کە لە 25ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە هۆتێل "لاندهاوس ئادلۆن" لە شاری پۆتسدام لە نزیک بەرلین بەڕێوەچووە، کە تێیدا سیاسەتمەدارانی پارتی "بەدیل بۆ ئەڵمانیا"ـی راستڕەوی توندڕەو بەشداریان تێداکردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە رێگا و پلانێکدا کردووە، کە بەشداربووان ئاواتەخوازن دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا جێبەجێی بکەن.

دەشڵێت: کڕۆکی کۆبوونەوەکە بەناوی "ماستەرپلانی گەڕاندنەوەی وڵاتەکەمان بۆ سروشتی خۆیی و رێگە دروستەکەی" بووە، سپۆنسەرەکان داوا لە بەشداربووان دەکەن هاوکارییەک بکەن بە بڕی پێنج هەزار یۆرۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا.

بەگوێرەی راپۆرتی لێکۆڵینەوەکە، مارتن سێڵنەر، کە نووسەرێکی ناسراوی نەمساییە، تێڕوانینی خۆی بۆ بەدەستهێنانی "دەرکردنی" ئەو کەسانە پێشکەش کرد کە پێشینەی کۆچبەریان هەیە لە ئەڵمانیا.

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی، لە ئەڵمانیا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس هەن کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە،  سێلنەر سێ گروپی ئامانجی دەستنیشان کرد،  یەکەم، پەنابەران، دووەم، ئەوانەی کە ئیقامەی هەمیشەیییان هەیە، سێیەمیش، ئەوانەی رەگەزنامەیان هەیە، کە ئەوان بە گەورەترین کێشە دەزانێت.

جێی ئاماژەیە بیرۆکەی ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەفریقا لەلایەن یانس شپان وەزیری پێشووی تەندروستی و ئەندامی پارتی دیموکراتی مەسیحی ئەنگێلا مێرکڵەوە پێشکەش کرا، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گەنجان پێشنیاری ئەوەیان کرد کە ناوەندێکی پەنابەرێتی لە رواندا یان غانا هەبێت، کە پەنابەران دەتوانن لەوێ بمێننەوە تاوەکو داواکاری پەنابەرییان لە ئەڵمانیا چارەسەر دەکرێت.