شیرین فوئاد مەعسوم: ئێران شەڕی خۆی لەگەڵ وڵاتان هێناوەتە هەرێمی کوردستان

شیرین فوئاد مەعسوم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان
شیرین فوئاد مەعسوم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەم هێرشە ناڕەوایەی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە سەرتاسەری جیهان ئیدانەی ئەو کارە قێزەوەنانەیان کراوە. گوتیشی: پێویستە کێشەی کورد دیپلۆماسییانە چارەسەر بکرێت.

شیرین فوئاد مەعسوم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان بە شاخ دەورەدراوە، دوژمنان بەهۆی ئەم شاخانەوە نەیانوێراوە هێرشمان بکەنەسەر، راستە بە فڕۆکە هێرشمان کروەتەسەر بەڵام هەمیشە شکستیان هێناوە.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: رێژەی کورد لە جیهان نزیکەی 50 ملیۆنە، لەبەر ئەوەی خاوەنی دەوڵەتی کوردی نینە گشتیان پەرتەوازە بوونە و لە دەوڵەتانی دیکە نیشتەجێنە، ئەو دەوڵەتانەشی کە کوردی لێیە هەمیشە مافی کوردەکانیان پێشێل کردووە. شیرین فوئاد مەعسوم، گوتیشی: پێویستە کێشەی کورد دیپلۆماسییانە چارەسەر بکرێت.

شیرین فوئاد مەعسوم، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەش، بۆ پرسی لۆبیکردن دەبێت کورد یەک دەنگ بێت و یەک کەس هەڵبژێرێت، شایستەترین کەسیش لەناو کورد بۆ پرسی لۆبیکردنی نەتەوەیی سەرۆک بارزانییە.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی هێرشی ئێران بۆسەر هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەم هێرشە ناڕەوایەی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە سەرتاسەری جیهان ئیدانەی ئەو کارە قێزەوەنانەیان کراوە.

شیرین فوئاد مەعسوم، باسی لەوەشکرد، ئێران شەڕی خۆی لەگەڵ وڵاتان هێناوەتە هەرێمی کوردستان. جەختیشی لەوەکردەوە، کێشەی کورد و دۆزی کورد تەنیا بەو مەرجە چارەسەر دەبێت کە کورد یەکگرتوو و یەک دەنگ بێت.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".