وەزیری دەرەوەی چیک بۆ کوردستان24: لەسەر ئاستی جیاواز چوار شاند بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین

یان لیپاڤسکیو، وەزیری دەرەوەی چیک
یان لیپاڤسکیو، وەزیری دەرەوەی چیک

K24 - برۆکسل:

وەزیری دەرەوەی چیک، ئاماژەی بەوەدا، لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیکی راشکاویان ئەنجامداوە و چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی چیک لەبارەی کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس، وەڵامی کوردستان24ـی دایەوە و گوتی: لە داڤۆس لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی راشکاومان ئەنجامدا، تێیدا گفتوگۆمان لەبارەی بەیەکەوە کارکردنی هاوبەش کرد و هاوڕابووین بەشێوەیەکی ئەرێنی سەیری ئەو ئەجێندایە بکەین.

وەزیری دەرەوەی چیک، دەڵێت: کونسوڵخانەی گشتیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە ئەمە پلاتفۆرمێکی باش دروست دەکات، دیپلۆماسییەتێکی چالاکی ئابووریمان هەیە.

گوتیشی: لەسەر ئاستی جیاواز چوار شاند بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین و بیرۆکەکانی وەبەرهێنان کراوەن.

بۆ بەشداریکردن لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسڕا، رۆژی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو وڵاتە و رۆژی دواتریش دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد لەگەڵ سەرۆک و سەکردە جیهانییەکان کرد و لەماوەی سێ رۆژدا، 45 دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

رۆژی (17ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "بەردەوام دەبین. لە ئەمڕۆوە، ئێمە دوو هێندە کاردەکەین لەسەر پرۆژەکانمان لە سێکتەری بانکی، پارەدانی دیجیتاڵی، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی. کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات".

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" بە بەشداری 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە جیهانییەکان، شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکان بەڕێوەدەچێت.