وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ کوردستان24: داوا لە ئێران دەکەین خۆی لە فراوانکردنی ململانێکان بپارێزێت

هانکە برەنیس سلۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا
هانکە برەنیس سلۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا

K24 – برۆکسل:

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایدەگەیەنێت، سەرکۆنەی تووندی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکەن و لە بارودۆخەکە نیگەران.

ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) هانکە برەنیس سلۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، خەمگینن لەوەی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر چەند هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستدا، کە لەنێویاندا منداڵێکی 11 مانگی هەبووە کە خاوەنی هاووڵاتینامەی هۆڵەندی بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر هەولێر دەکەن و لە بارودۆخەکە نیگەرانن. وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتیشی: داوامان لە ئێران کردووە خۆی لە فراوانکردنی ململانێی هەرێمی بەدووربگرێت.

هانکە برەنیس سلۆت، باسی لەوەشکرد، داوایانکردووە زانیاریی زیاتر و روونکردنەوەیان لەسەر هێرشەکان پێبدرێت، چونکە ئەم هێرشانە بە ئامانجکردنی ئاسایشی هەرێمی ناوچەکەن.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.