ئاگر لە جبەخانەیەکی سوپای عێراقی دەکەوێتەوە

ئاگری جبەخانەکەی سوپای عێراقی
ئاگری جبەخانەکەی سوپای عێراقی

K24-هەولێر:

جبەخانەیەکی سەربازیی کە پڕ لە مووشەک و چەک و تەقەمەنی بووە، لە لیوایەکی سوپای عێراقی دەتەقێتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە(22ی کانوونی دووەمی 2024)، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی  بڵاوی کردەوە، مووشەک و چەک و تەقەمەنییەکانی جبەخانەیەکی لیوای پیادەی 22 ی فیرقەی 17 ی سوپای عێراقی لە قەزای مەحموودیە لە باشووری رۆژئاوای بەغدا تەقیوەتەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، ئاگرێک لە کەرەڤانەیەکی  جبەخانەی چەک و تەقەمەنی لیوای پیادەی 22 ی فیرقەی 17 ی سوپای عێراقی لە قەزای مەحموودیە کەوتۆتەوە، بەهۆیەوە، مووشەک و چەک و تەقمەنییەکان تەقیونەتەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە، ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن رووداوەکە لە ئەنجامی هێرشکردن بۆسەر هێزەکانی سوپای عێراقی رووی داوە، لێژنەی لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە پێکهێنراوە.