لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین هێرشەکان ئێران بۆ سەر هەولێر شەرمەزارکرا

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

دانیشتوانی شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رانیەی ناوەندی ئیدارەی راپەڕین لە یەک کاتدا دژ بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر رژانە شەقام و بە یەکدەنگ هێرشەکانی شەوی 15ی ئەم مانگەی سەر هەولێر و بە ئامانجگرتنی ماڵی شەهید پێشڕەویان ئیدانە و شەرمەزارکرد.

هاووڵاتییان هێرشە مووشەکییەکە بە هێرشێکی مەبەستدار بۆ سەر ئاسایش و ئابووری هەرێمی کوردستان ناودەبەن و دەڵێن، گەلی کورد تەسلیم بە ئیرادەی هیچ هێزێکی داگیرکەر نابێت.

هەروەها پەیامی ئاشتیان دەگوتەوە و داواشیان لە ئێران و وڵات کرد، "لە بری هێرشی مووشەکی و کوشتنی هاووڵاتییانی کورد باشتر دەستی ئاشتەوایی درێژ بکەن، چونکە کورد نەتەوەیەکە هەرگیز لەناو ناچێت".

 

 

هاووڵاتییان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن لە ئاست ‌هێرش و پێشێلکارییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بێدەنگ نەبێت و سنوورێک لەبەردەم دەستدرێژییەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی چیتر هێرشی لەمجۆرە و شەهیدکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی دووبارە نەبێتەوە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر ، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

هەر دوای هێرشەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوەو رایگەیاند، ئەو خانووەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە.

هەروەها سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی ئێران، قاسم ئەعرەجی کە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیشە دوای بەسەرکردنەوەی برینداران و سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە، هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی رەتکردەوە کە هیچ بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی هەبێت و راشیگەیاند، ئەو خانووەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە.