ناتانیاهۆ دەڵێت لێکۆڵینەوە لە کوژرانی 24 سەرباز و ئەفسەرەکەی سوپا دەستیپێکردووە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: AP)
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی 24 سەرباز و ئەفسەرەکەی سوپاکەیان لە غەززە. دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەوان شەڕ راناگرن "تاوەکو سەرکەوتنی کۆتایی بەدەستدەهێنن".

کاردانەوە سیاسییەکان لە ئیسرائیل، لە بەرامبەر کوژرانی 24 سەرباز و ئەفسەرەکەی سوپای ئەو وڵاتە لە کەرتی غەززە بەردەوامن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23-01-2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژەی بەوە کرد، سوپا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە "کارەساتەکە" کە مەبەستی لە رووداوی کوژراوانی 24 سەرباز و ئەفسەری سوپای وڵاتەکەیەتی.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردووەتەوە، "دەبێت وانەی پێویست" لە رووداوەکە وەربگرن و بە پێویستیشی دەزانێت هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ پاراستنی گیانی "جەنگاوەرەکانمان".

 وەکو ئەوەی ناتانیاهۆ باسی کردووە، "دوێنێ (دووشەممە) بە یەکێک لە سەخترین رۆژەکانی شەڕدا تێپەڕیوین". دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەوان شەڕ راناگرن "تاوەکو سەرکەوتنی کۆتایی بەدەستدەهێنن".

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 23-01-2024، دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ دووشەممە، 22-01-2024، 24 ئەفسەر و سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس کوژراون. 

لەلایەکی دیکەوە تەندروستیی غەززە بڵاویکردووەتەوە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا سوپای ئیسرائیل 22 "کۆمەڵکوژی" دژی خەڵکی غەززە لەخان یونس و ناوچەکانی دیکە ئەنجامداوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 195 کەس کوژراون و 354 کەسی دیکەش برینداربوون.

تەندروستیی غەززە باسی لەوەشکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، 25 هەزار و 490 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و، زیاتر لە 63 هەزار کەسیش برینداربوون.