شارى هەڵمەت و قوربانى بۆ ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هەولێر رژانە سەرشەقام

K24 - سلێمانی:

دانیشتوانی شاری سلێمانی دژی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، بە ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک دروشم بۆ وەستاندنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هێرشه‌كه‌یان سەرکۆنەکرد.

شارى هەڵمەت و قوربانى بۆ هەولێر رژانە سەرشەقام و بە یەکدەنگ دژى هێرشەکانی ئێران وەستانه‌وه‌ و بە ئامانجگرتنی ماڵی هاووڵاتییانیان سەركۆنە و شەرمەزارکرد، هاووڵاتییان هێرشە مووشەکییەکە، بە هێرشێکی مەبەستدار بۆ سەر ئاسایش و ئابووری هەرێمی کوردستان ناودەبەن و دەڵێن، گەلی کورد خۆی رادەستی ویستی هیچ هێزێکی داگیرکەر ناكات. 

سلێمانییەکان پەیامی ئاشتیان دەگوتەوە و  داواشیان لە ئێران کرد  لە بری هێرشی مووشەکی و کوشتنی هاووڵاتییانی کورد، باشترە دەستی ئاشتەوایی درێژ بکەن،  چونکە کورد نەتەوەیەکە هەرگیز لەناو ناچێت.

گردبوونەوە و خۆنیشاندانەکە ژمارەیەک چالاکوان و رێکخراوی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی  لە باخی نالی لەسەر شەقامی سالمی شاری سلێمانی رێکیانخستبوو، کە هاووڵاتییەکی زۆری شارەکە تیایدا بەشداربوون.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لەزۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.