نەوزاد شێخ کامل: لە بەرهەمی ئارد پێویستمان بە هاوردەکردن نەماوە

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئارد یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لەسەر بەرهەمهێنانی بە شێوەی جۆراوجۆر و کوالێتی بەرز، لەم پێناوەشدا چەندین کارگەی گرنگ و گەورە دروستکراون  بۆ پڕکردنەوەی بازاڕی ناوخۆ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک. بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، "لە بەرهەمی ئارد پێویستمان بە هاوردەکردن نەماوە".

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو گەنمەی کە وەردەگیرێت لە رێگەی سایلۆکانەوە وەردەگیرێت دەنێردرێتە ئاشەکانەوە و دەهاڕدرێت، دواتر لە رێگەی کۆمپانیاکەوە دەگاتە لای بریکارەکان و دابەش دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: هەر هاووڵاتییەك بە گوێرەی ئەو بڕەی بۆی دیاریکراوە مانگانە نۆ کیلۆ ئاردی پێدەدرێت.

لەلایەن خۆیەوە سەرمەند رەشید، خاوەنی کارگەیەکی ئارد، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەرهەمی کارگەکە زۆر لە پێویستی هاووڵاتییان زیاترە، بەردەوامیش کەرستەی خاومان هەیە دەتوانین بۆ چەندین مانگ پێداویستی بازاڕ دابین بکەین، بڕی زیادیە بەرهەمەکانیشمان دەنێرینە خواروو و ناوەڕاستی عێراق".

لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا 39 ئاش و سایلۆی تایبەت بە ئارد و هەڵگرتنی گەنم کراوەتەوە ئەمساڵیش سێ سایلۆی دیکە دەکرێتەوە، ئێستا جگە لە بەرهەمی ئارد هەرێمی کوردستان لە چەندین بەرهەمی دیکەی وەک پەتاتە، گەنم، هێلکە و مریشک گەیشتووەتە خۆبژێوی ناوخۆیی.