یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر ژمارەیەك کەسایەتی و کۆمپانیای سوورییدا دەسەپێنێت

K24 – هەولێر:

یەكێتی ئەوروپا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، چەك و چەکداران سزای بەسەر شەش کەسایەتی و پێنج کۆمپانیای سوورییدا سەپاند، کە ژمارەیەك لەو کەسانە سەر بە خانەوادەی ئەسما ئەسەدی، خێزانی بەشار ئەسەدن.

سزادانی کەسایەتی و کۆمپانیاکانی سووریا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە درێژەی هەیە، هاوکات لیستی سزای ئەم جارە شەش کەسایەتی و پێنج کۆمپانیای سووری لەخۆ دەگرێت، لەنێو ئەو کەسانەشدا راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا هەیە، کە دەکاتە برای هاوژینەکەی، لەگەڵ ژمارەیەک ناسیاوی دیکەی.

ناوی ئەو کەسانەی کە سزاکانیان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە، مەحموود ئەلدەج سووری، خاوەنی ژمارەیەک لە کۆمپانیایە، کە کاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر و چەکیان کردووە. یەسار ئیبراهیم، راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریایە و برای هاوژینەی بەشار ئەسەدە، هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی ئابووری سووریایە کە هاوژینی سەرۆککۆمار سەرپەرشتی ئەنجوومەنەکە دەکات.

هەروەها بیلال نەعال، خاوەنی ژمارەیک کۆمپانیای بازرگانی و وەبەرهێنانە لە سووریا و ناوبراو ئەندام پەرلەمانی وڵاتەکەیە.

فەھد دەروێش، سەرۆكێ ژووری بازرگانی سووری - ئیرانی ، موھەند ئەل دەباغ، کوڕی خوشکی خێزانی بەشار ئەسەدە، کە هەڵگری رەگەزنامەی سووری و ئێرانییە و فیراس ئەلئخرەس، برای ئەسما ئەسەدە.

ئەو کۆمپانایانەی کە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەردا سەپاندوون بریتین لە، کۆمپانیاکانی دی جی، ئەجنیحەت ئەلشامی فڕۆکەوانی، دەزگای تەیر ئەلحر، ئیلۆمای وەرەهێنان و ئەلعەقیلە.

دوای بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا سەرجەم ماڵ و موڵکی ئەو کەس و کۆمپانیانە لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شەپال ئیبراهیم: سزاکانی یەکێتی ئەوروپا پەیامێکە بۆ بەشار ئەسەد

چالاکوانێکی سیاسی، ئاماژە بەوەدەکات، ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر کەس و کۆمپانیاکانی سووریا برینی گەلی سووریا سارێژ ناکات.

شەپال ئیبراهیم، چالاکوانێکی سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سزادانی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی سووریا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سوودی نابێت و چارەسەری رەوشەکە ناکات.

ئەو چالاکوانە سیاسییە دەڵێت، ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر کەس و کۆمپانیاکانی سووریا برینی گەلی سووریا سارێژ ناکات.

شەپال ئیبراهیم، گوتیشی: سزاکانی یەکێتی ئەوروپا پەیامێکە بۆ بەشار ئەسەد، هەروەها لەو سزایانەی کە سەپێندراوە، ئەگەر جێبەجێ بکرێن تەنیا هاووڵاتی سڤیل تێیدا زەرەمەند دەبن.

ئەو چالاکوانە سیاسییە، باسی لەوەشکرد، ئەو سزایانە لە ئێستادا تەنیا بڕیاری سەر کاغەزن و هیچ هەڵوێستێکی جیددی بۆ جێبەجێکردنی لە ئارادا نییە.