دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لە شێخان و گەرمیان خۆپیشاندان دەکرێت

شوێنی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەی شێخان (وێنە: ئاری حوسێن - کوردستان24)
شوێنی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەی شێخان (وێنە: ئاری حوسێن - کوردستان24)

K24 – هەولێر

هاووڵاتییانی قەزای شێخان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە دژی هێرشە مووشەکییە بالسیتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندان دەکەن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 10:30، هاووڵاتییانی شێخان و دەوروبەری لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، خۆپیشاندان دەکەن.

سەرپەرشتیارێکی خۆپیشاندانەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ دانیشتووان و نەتەوە جیاوازەکانی قەزای شێخان بە کورد و عەرەب و هەموو ئاینەکانەوە، بۆ سەرکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە سەر هەولێر، خۆپیشاندان دەکەین و داوا دەکەین ئەم کارە تیرۆرستیی و نامرۆڤانەیە دووبارە نەبێتەوە".

هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکەی کاتژمێر 15:30، هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و دەوروبەری بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالسیتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندان دەکەن.

دوێنێ سێشەممە، 23-01-2024، بە بەشداری ھەزاران کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان، لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین لەگەڵ زانکۆی سۆران، دژی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. هەر لەو گردبوونەوەیەدا سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژی وڵاتانێ دراوسێ بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەرێوە دەچێت.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.