پۆتين: ئێران هاوبه‌شى ستراتيژييمانه‌

ڤلاديمێر پۆتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هاوکارییەکانی نێوان ئێران و رووسیا گەیشتوونەتە قۆناغی هاوبەشییەکی ستراتيژیی گشتگیر لە هەموو بوارەکاندا.

K24 – هه‌ولێر:

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری ئێران و سه‌رۆكى رووسيا کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو، ڤلاديمێر پۆتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هاوکارییەکانی نێوان ئێران و رووسیا گەیشتوونەتە قۆناغی هاوبەشییەکی ستراتيژیی گشتگیر لە هەموو بوارەکاندا.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ و لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی سەرۆكی هەر سێ وڵاتی ئێران، رووسیا و ئازەربایجان لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، حەسەن رووحانی و ڤلاديمێر پۆتین کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانيان لە هەموو ئاستەکاندا کردەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا حەسەن رووحانی رایگەیاند، ئێستا دەرفەتێکی زۆر لەبار رەخساوە بۆ ئەوەی سەرۆکی هەر سێ وڵاتی ئێران، رووسیا و ئازەربایجان، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان و زیاتر کردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا پلانی هاوبەش دابڕێژن.