راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت: ئێران بە پاساوی بێ بنەما هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات

ھەرمان میرزا بەگ، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری کوردانی ئێزیدی
ھەرمان میرزا بەگ، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری کوردانی ئێزیدی

K24 - هەولێر

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێران بە پاساوی بێ بنەما هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات. جەختیش دەکاتەوە، "حکومەتی هەرێم حەکیمانە ئیدارەی ململانێکانی ناوچەکە دەکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، ھەرمان میرزا بەگ، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری کوردانی ئێزیدی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێران ناتوانێت رێگری لەبەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان بگرێت، ناچار بەبەکارهێنانی پاساوی بێ بنەما بۆردوومانی دەکات".

بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "هەموو جیهان دەزانێت ئەو بەڵگانەی ئێران بڵاویکردوونەتەوە دروستکراون و نرخێکیان نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش حەکیمانە توانیویەتی ئیدارەی ململانێکانی ناوچەکە بکات".

ھەرمان میرزا بەگ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە بەرامبەر ئەو هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانەی دەکرێنە سەر هەولێر بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جیددی بنوێن بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتی و چین و توێژەکانی قەزای شێخان و دوروبەری بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد. ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بەڕێوەچوو.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".