راوچییەک لە سنووری گەرمیان کوژرا
K24 - هەولێر
لە سنووری گەرمیان تەقە لە شەش راوچی دەکرێت؛ یەکێکیان دەکوژرێت و یەکێکی دیکەشیان بریندار دەکرێت. ئەوانەی رزگاریشیان بووە، دەستگیرکراون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، لە سنووری ناحیەی نەوجولی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لەلایەن "هەندێک کەسی نەناسراوەوە" تەقە لە شەش راوچی کرا؛ یەکێکیان کوژراوە و یەکێکی دیکەشیان بریندارە.
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی نەوجول بە کوردستان24ـی راگەیاند، شەش راوچییەکە سەرقاڵی راوکردن بوونە؛ ئۆتۆمبێلێکی جۆری پاترۆڵیان پێ بووە و دوو جار تەقەیان لێ کراوە. گوتیشی، "گومان دەکەین چەکدارانی داعش تەقەیان لە شەش راوچییەکە کردبێت، چونکە لەم دواییانەدا جموجۆڵیان لەو ناوچەیە زیادیکردووە".
بە گوتەی وەهاب ئەحمەد، هێزەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و، ئەو ناوچەیەی ڕاوی تێدا کراوە، "مەترسیدارە". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو راوچییانەی لە رووداوەکەدا رزگاریان بووە، دەستگیرکراون و ئێستا لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".