مامۆستایەکی ئاینی: هێرشەکەی ئێران ستەمێکی گەورە بوو بەرامبەر بە گەلی کورد

K24 – هەولێر

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، هاووڵاتییانی شێخان و دەوروبەری لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، خۆپیشاندانیان کرد.

مامۆستا غه‌سان عه‌دنان، کە مامۆستایەکی ئاینی پێکهاتەی عەرەبە، لە خۆپیشاندانەکەی شێخان رایگەیاند، ئێمە بە موسڵمان و کورد و عەرەب و ئێزیدی و هەموو پێکهاتەکانی شێخان ئیدانەی ئەو هێرشە دوژمنکارانە و ستەمکارانەی کە کرایە سەر هەولێری خۆشەویست، بەتایبەتی سەر شوێنیێکی سڤیل نیشین دەکەین.

گوتیشی: ئەو هێرشە، ستەمێکی گەورەیە بەرامبەر گەلی کورد، کە هەولێر لە ساڵی 2020ەوە رووبەڕووی دەیان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانە نە پیاوەتی و نەهەیبەتی تێدایە، بەڵکو شەرمەزارییە و هێرشێکی ترسنۆکانەیە.

راشیگەیاند، "گەلی کوردستان هەمیشە سەری بڵندە، هیوادارین خوای گەورە بەزەیی بە شەهیدەکاندا بێتەوە و شیفای بریندارەکان بدات" سەرکەوتن بۆ کوردستان، شەرمەزاری بۆ دوژمنان.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.