قەشەیەکی مەسیحی ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر دەکات

K24 - هەولێر

خۆپیشاندەرانی پێکهاتەی مەسیحی شێخان ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، قەشە غەزوان، لە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەراندا لە شێخان رایگەیاند، ئێمە وەکو پێکهاتەی مەسیحی ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین،  ئێران لە هێرشەکەیدا هاووڵاتییانی سڤیلی کردووەتە ئامانج کە لەناو ماڵی خۆیاندا بوون، ئێمە وەک پێکهاتەی مەسیحی ئیدانەی هەر هێرشێک دەکەین بۆ سەر هەرێم و خاکەکەمان.

غەزوان شه‌ها دەڵێت: " لەم ساتەدا ئێمە نوێژ بۆ گیانی قوربانیان دەکەین، بەتایبەت قوربانیانی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر کە لەم رۆژانەی رابردوودا چوار هاووڵاتیی سڤیل و شەش برینداری لێکەوتەوە کە لەناویاندا منداڵێکی 11 مانگ هەبوو".

قەشە شه‌ها گوتیشی: "داوا لە خوای گەورەش دەکەین شەهیدانی رووداوەکە بە بەهشتی بەرینیان شاد بکات"، هەروەها دەشڵێت: "ئێمە وەکو هاووڵاتیی مەسیحی کوردستان هەڵگری ئاشتین و ئاشتیخوازین، شێخان بەشێک نییە لە عێراق بەڵکو بەشێکە لە هەرێمی کوردستان".

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.