لە هەولێر سەنتەری پێدانی ڤیزای چین کرایەوە

کردنەوەی سەنتەری ڤیزای چین
کردنەوەی سەنتەری ڤیزای چین

K24 – هەولێر

لە رێوڕەسمێکدا لە نێو کونسڵخانەى کۆمارى میللى چین لە هەولێر سەنتەرى پێدانی ڤیزای چین کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە،24ـی کانوونی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، بە ئامادەبوونی چوەى وەى، باڵیۆزى کۆمارى میللى چین لە عێراق و  لیو جیون، کونسوڵى کۆمارى میللى چین لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکێکە لەو رۆژانەی کە یەکێک لە داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاتووەتەدی، ئەویش پێدانی ڤیزای ولاتی چینە لە هەرێمی کوردستان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر جەختی لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى چین، بە تایبەتى پەیوەندییە بازرگانى و پشەسازییەکان کردەوە.

هەروەها ئومێد خۆشناو گوتیشی: "کردنەوەى سەنتەری ڤیزا لە شارى هەولێر زۆر گرنگە بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کە ئامانج لێى ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان، گەشتیاران و بازرگانان و وەبەرهێنەران، داواکارى ئێمە هەمووکات بۆ وڵاتی چین ئەوە بووە کە هاوڵاتییانمان بۆ وەرگرتنى ڤیزا سەردانى بەغدا یان ئیستەنبوڵ نەکەن، بەڵام ئێستا جێگای دڵخۆشییە کە هاووڵاتییانی هەولێر بەڕێگاى ئۆنڵاین دەتوانن ڤیزاى وڵاتى چین وەربگرن".