خۆپیشاندەرێکی گەرمیانیی: کوردستان بە دەستی هەولێر دەبێتە دەوڵەت

K24-هەولێر:

خۆپیشاندەرێکی ئەمڕۆی خۆپیشاندانی خەڵکی گەرمیان دژی هێرشە بێپاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر، بە دەنگی بەرز و دڵی پڕ ده‌یگوت: بۆ خاتری خودا یەکگرتوو بن، بە یەکگرتووی کوردستان زامن دەبێت، كوردستان بە دەستی هەولێر دەبێتە دەوڵەت.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2024)، هاووڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دژی هێرشە بێپاساوەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە هاووڵاتیانی سڤیلی بە ئامانج گرت، خۆیانپیشاندا و یەک لە خۆپیشاندەران بە کوردستان24 ی گوت: لە 15 ی مانگەوە نیگەرانم بۆ ئەو کوردستانە خۆشەویستەم، داوا لە گەلی کورد دەکەم، بۆ خاتری خودا و خوێنی شەهیدەکانمان یەکگرتوو بن، بەسە ئەو تەفرەقە و دووبەرەکییە، تاکەی، ئەوە 30  ساڵە هەر حزبە و بۆ لایەک دەچێت، داوایان لێدەکەم یەکگرتوو بن، بەخوای گەورە یەکگرتوو نەبن، سەرکەوتوو نابن.

ئەو خۆپیشاندەرە گەرمیانیە دەڵێت:  ئەو مووشەکانه‌ی لە ئێرانەوە ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران، نەیگوتووە یەکێتی، نەیگوتووە  پارتی، نەیگوتووە کۆمەڵ، دەڵێت تۆ کورد، سەت ساڵە تورک، عەرەب و فارس تەعەددا لە ئێمە دەکەن، داوا لە گەلی کوردستان، لە تەواوی حزبەکانی کوردستان دەکەم، بۆ خاتری خودا یەکگرتوو بن، من لە ئایینەکەم بگەڕێتەوە، کوردستانە، حەزدەکەم لەپێناوی کوردستاندا شەهید بم، کوردستانم خۆش گەرەکە، داوا لە حزبەکان دەکەم بۆ خاتری خودا واز بێنن لە تەفرەقە، یەکگرتووییی زامنی مانەوەی کوردستانە.

خۆپیشاندەرە گەرمیانییەکە گوتی: ریفراندۆم هەمووانی تۆقاندووە و گشتیی ترساندووە، ئێوە ماون و من مردوو، کوردستان دەبێ ببێتە دەوڵەت، ئەو جەلادانە خەیاڵیان خاوە، دەبێ کوردستان بە دەستی هەولێر ببێت بە دەوڵەت.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".