بایرام بۆزێل: ئێران ئیرەیی بە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەبات

بایرام بۆزێل، سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان
بایرام بۆزێل، سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، هێرشی ترسنۆکانەی ئێران بە تووندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات. گوتیشی: ئێران ئیرەیی بە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەبات.

بایرام بۆزێل، سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر هەولێر رووی راستەقینەی ئێران نیشانی جیهاندا کە دژی مرۆڤایەتی و دژی بەرقەراربوونی ئاشتییە، هەروەها سیاسەتی دووفاقی ئێرانیش بۆ جیهان روونبوویەوە.

سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، باسی لەوەکرد، "ئێران بە بیناووی هەبوونی بارەگای مۆساد هێرشی کردە سەر ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر کەسی بێگوناهی سڤیلی شەهیدکرد، هەروەها هێرشی ترسنۆکانەی ئێران بە تووندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم".

بایرام بۆزێل، هەروەها راشیگەیاند، ئەوەی جیگەی دڵخۆشییە هەموو گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەموویان سەرۆکۆنەی ئەو هێرشەی ئێرانیان کرد، گەلی کورد سەلماندی بە مووشەکی ئێران نە لەناودەچێت نە پەرتەوازە دەبێت.

سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری نیشانداوە، گەلی کورد هەمیشە کۆدەنگ بوونە هەر ئەمەش وایکردەوە ئێران ئیرەیی پێببات و لێی بترسێت. بایرام بۆزێل، گوتیشی: ئێران ئیرەیی بە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەبات.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".